حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بیرەوەریی یەکێک لە ڕەشترین ڕۆژەکانی سەدەی بیستویەکە و بۆ هەمیشە وەک پەڵەیەک بەناوچاوانی مێژووەوە دەمێنێتەوە. ئەو ڕۆژەی کە بەبەرچاوی جیهانەوە بە سەدان منداڵ و گەنج و لاو و ژن و پیاوی ئیسرائیلی، تەنیا لەبەر جوو بوونیان لە هەڵمەتێکی تیرۆریستیدا کۆمەڵکوژ کران.
کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان بە ڕێزەوە یادی قوربانیانی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکاتەوە و خۆی بە هاوخەم و هاوپشتی بنەماڵەی قوربانیان، نەتەوەی جوو و دەوڵەتی ئیسرائیل دەزانێت.
٧ی ئۆکتۆبەر ئەگەرچی بە کارەساتێکی لەم چەشنە دەستی پێکرد، بەڵام بوو بە سەرەتایەک بۆ دەستپێکی گۆڕانکاریگەلی ئەوەندە گەورە و ڕیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەو ناوچەیە ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئیتر خۆی نەناسێتەوە. سەرەتای قۆناغێک بۆ ئەزموونکردنی ئاسایش، ئاشتی، سەقامگیری، گەشە و سەروەریی نەتەوەکان.
لە ساتەوەختی گۆڕاندا ئەوانە پارێزراو دەمێننەوە کە لە بەرەی ڕووناکی، هێز و ئازادیدا هەڵکەوتبێتن. بەرەی ڕووناکی، بەرەی دژ بە داگیرکاری، ژینۆساید، تیرۆریزم، خەونە ئیمپێریاڵە تورکی و ئێرانییەکان و ناسیۆنالیزمی دژەجوو و دژەکوردی ناوچەکەیە. هەر لەبەر ئەوەیە کە زایۆنیزم و کوردستانیزم تەنیا دوو ئایدیای ڕزگاریخوازی بۆ دوو نەتەوەی جوو و کورد نین، بەڵکوو ئایدیای ڕووناکین، لە دژی نووتەک و تاریکییەکی مێژوویی لە ناوچەکەدا.
داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ داهاتوویەک بێت کە دوو نەتەوەی کورد و جوو تیایدا وەک دوو نەتەوەی سەربەخۆ و سەروەر بە پارێزراوی بمێننەوە، بۆ ئەوەی ئاشتی، سەقامگیری، ئاسایش و گەشە ڕوو لە ناوچەکە بکات. وەها داهاتوویەکیش بەبێ دڕدۆنگی پەیوەستە بە بەهێزتر بوون و ڕێکخراوتر بوونی پەیوەندی، هاوکاری و هاوپەیمانیی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە. ئەگینا سێبەری ڕەشی ژینۆساید، کۆمەڵکوژی و سڕینەوە بەسەر سەری هەردوو نەتەوەکەوە دەمێنێتەوە.
لەپێناو ڕووناکی، ئازادی و داهاتوویەکی گەش
بژی کوردستان
بژی ئیسرائیل
بژی دۆستایەتی و هاوپشتیی کوردستان و ئیسرائیل
